Volume 2 , Issue 2 , November 1999 , Pages 43A-52A
1 کۆلێجی زمان، زانکۆی سلێمانی
خۆ ئەگەر لای کلاسیکی یەکان، سروشت و ئافرەت دوو بابەتی جیاواز بن (١) ئەوا لای ڕٶمانسی یەکان هەردوکیان تەواو کەری یەکن (٢) بەمانایەکی تر، پەیوەندی سرشت و ئافرەت لای کلاسیکی یەکان، پەیوەندی یەکی مادی یە، بەڵام ڕۆمانسی یەکان لە فەلسەفە کانیاندا وای بۆچوون کە مرۆڤ بچوککەرەوەی سروشتە و هەردووکیان لە پێناو مرۆڤایەتیدا کار دەکە. سروشت، هەمیشەکات، مەڵبەندی بیرکردنەوەی بووە بۆ دەست نیشان کردنی گەردون و دروستەرەکەی.. بەم پێ یە سروشت ژیانە، مردنە، زیندو بونەوەیە و هێزێکی لە بن نەهاتوی دروست کەری ئەم گەردونەیە کە هەر دەم هەوڵی ئەوەی داوە کە زاڵ بێت بە سەر هێزی مرۆڤی ئاسای دا (٣) بەم پێ یە، ڕۆمانسی یەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە سروشت کەرەستەیەکی بە نرخی هونەر و مرۆڤە.. لە بەر ئەوەی ڕۆمانسی یەکان توانیویانە جوڵەیەک بە سروشت بدەن هەر وەك ئەوەی بەشێک بیت لە سروشت، بەهەستێکی ڕاستەقینەو حەماسێکی پیرۆزەوە بەشداری سروشت دەکات بۆ هەڵبژاردنی هونەر و ئەندیشە و ، سۆز و خۆشەویستی.ڕۆمانسی یەکان لە کاتێکدا بە سروشت دا هەڵدەدەن و دەچنە ناو جیهانی سروشتەوە، بەبینین کە جولەیەک دروست دەکەن لە پێناوی ئاوێتە کردن بە ژیانی خەڵکی بەتایبەتی ئافرەت کە بەشێکی گرنگ و سەرەکی ژیانی کۆمەڵە بە شێوەیەکی گشتی و شاعیرە ڕۆمانسی یەکانە بە شێوەیەکی تایبەتی.. (٥) کەواتە ئامانجی ڕۆمانسی یەکان دووشتی سەرەکین یەکەمیان هونەر دوهەمیان مرۆڤایەتی کە بە هەر دووکان، لەڕێگەی ئەندێشە و سۆز و دەرونەوە جوانترین وێنەی هونەری و نمونەیی دەنەخشێنن.. وە جوانترین وێنەی سروشتیش ئافرەتە.. (٦)
لەم لێکۆڵینەوەیەماند، دوو نمونەی شیعری مامۆستا )عبداللە گۆران) هەڵدەبژێرین و لەسەر ڕۆشنای ناو نیشانی با سەکەمان لێی دەکۆڵینەوە لە هەردوو شیعرەکەدا ئافرەت و جوانی ڕەوتێکی جوان- خۆمان لەبەردەم دوو تابلۆی سەرەکی دا دەبینینەوە کە بەهەدووکیان جولەیەکی قورس و گران بەهایان دروست کردووە و شاعیریان هێناوەتە سەما وەك سەماکانی (جلال الدین ڕۆمی) کە باوەڕی بە هێزی جولەی سوڕەوەی گەردون و عیشقی خوای هەبو.(٧)